سه‌رۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە هەنگاوەکانی دابەشکردنی دەست پێ بکەن.

 

ئەمڕۆ نووسراوێكی فەرمیی له‌ بەغداوه‌ گەیشتووەتە وەزارەتی سامانه‌ سروشتییه‌كان و بەپێی زانیارییه‌كان بڕی 100 لیتر نەوت بە هەر خێزانێک دەدرێت کە بەشی پێداویستیی نزیکەی 500 هەزار خێزان دەکات.

 

حکومەتی ناوەندیی عێراق لیتری ئەم نەوتە بە 250 دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەخەمڵێنێت و بە کرێی گواستنەوەوە 100 لیتر بە 31 بۆ 32 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان؛ لەو بڕەش 22 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 18 ملیۆن لیتر بۆ هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 10 ملیۆن لیتر بۆ دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەبێت.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە، بەم پێیەش ئەو بڕەی بەغدا پەسندی کردووە، تەنیا بەشی 18 لەسەدی پێداویستیی دانیشتووان دابین دەکات.