ئەمڕۆ عەمیدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەناوى (ش. گ)، دوای دەستگیرکردنی لەسەر ڕێگەی بەغدا لەلایەن مەفرەزەیەکی تایبەتەوە بە تۆمەتی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر و قاچاخیی دەرمان، بە کەفالەت ئازاد کرا.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی پایتەخت میدیا، عەمید (ش.ن.ئـ ) ناسراو بە (ش.گ)، ئەندامی لیوای سەرۆککۆمار و بەرپرسی کۆمیتەی سکرتاریەت و هێزە چەکدارەکانی یەکێتی لە بەغدا، هاوکات کەسێکی نزیکە لە نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراقە، دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی تایبەت لەسەر ڕێگەی بەغدا لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستیان بەسەر بڕێک حەبی قەدەغەکراو، دەرمان و مادەی هۆشبەردا گرتووە بەوهۆیەوە عەمیدەکە و شۆفێرەکەی دەستبەجێ دەستگیر کراون.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، دوای دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرە، لە چەندین لایەنەوە لە یەکێتی هەوڵیداوە ئازادی بکات و ئەمڕۆ، پرۆسەی ئازادکردنی عەمیدەکە بە کەفالەتی 10 ملیۆن دینار و دەستوەردانی بەپەلەی سەرۆککۆمار، وەزیر و پەرلەمانتارێکی دیاری یەکێتی جێبەجێکراوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەگەڵ ئازادکردنی ئەو عەمیدەی یەکێتی، هەوڵێکی زۆر هەیە تاوانی ئەو فەرماندەیە بخەنە ئەستۆی شۆفێرەکەی.
ئەمە لەکاتێکدایە، عەمید (ش. گ) لە ساڵی 2021دا تەنها دوای 25 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستەکە، بەهۆی دزینی 200 هەزار دۆلار لە پۆستەکەی لادراوە.