لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆککۆماری تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە یادێکی نیشتمانی و چارەسەرکردنی ناکۆکییە دیپلۆماسییەکان، سەردانی ئازەربایجان دەکات.

 

ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە گەشتی گەڕانەوەیدا لە کۆریای باشوور بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کردووە بە نیازی سەردانیکردنی ئازەربایجانە لە 8ی تشرینی دووەمدا.

 

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە، مەبەستی سەرەکی لە گەشتەکە بەشداریکردنە لە جەژنەکانی ڕۆژی سەرکەوتنی باکۆ؛ جەختیشی کردەوە پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەنقەرە و باکۆ دەتوانن زاڵ بن بەسەر هەموو ئاستەنگ و ناکۆکییەکاندا.

 

ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات دوای ئەوە سەریان هەڵدا، کە حکوومەتی ئازەربایجان لە چوارچێوەی یاسای نوێی پۆشاکی قوتابخانەکاندا، پۆشینی سەرپۆش و باڵاپۆشیی بۆ پاراستنی سیستەمی سێکۆلار بەرتەسک کردەوە؛ ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی لە تورکیادا لێ کەوتەوە و بەرپرسانی باکۆش بەتوندی هۆشدارییان لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیاندا دا.

 

پێوەندییەکانی تورکیا و ئازەربایجان لەسەر بنەمای دروشمی 'یەک نەتەوە لە دوو دەوڵەتدا' دامەزراون، بەڵام ناکۆکییەکانی ئەم دواییە بە دەگمەنترین ئاڵۆزی لە مێژووی هاوپەیمانییە بەهێزەکەیاندا دادەنرێن.