دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسیدا پێشوازیی لە کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی کرد و پەیامی کاراکردنەوەی پەرلەمانی وەک هەنگاوێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم پێ گەیاندن.
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بڵاویکردەوە، د. ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمان لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی ڕامی نووری جێگری سەرۆک و مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان بەڕێوە چوو، جەختی کردەوە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە نەک دژی هیچ لایەنێکی سیاسی.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، دوو ساڵ دواکەوتنی کاراکردنەوەی پەرلەمان مەترسیی لەسەر مانەوەی قەوارەی هەرێم دروست کردبوو، هاوکات داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان تا ئەرکی چاودێری و یاسادانان بەجێ بگەیەنن؛ لە بەرامبەردا نوێنەرانی بیانی دەستخۆشییان لەو هەنگاوە کرد بۆ پێشخستنی دیموکراسی.
دوێنێ پەرلەمانی کوردستان پاش دوو ساڵ لە پەککەوتنی بە دەنگی 52 پەرلەمانتار دەستەی سەرۆکایەتی نوێی هەڵبژارد، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لایەنە سیاسییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.