دوای زیاتر لە مانگێک لە دەستگیرکردنی نووری گەرمیانی، تیمی پارێزەرەکانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەهۆی هەستیاری دۆسییەکە وازیان هێنا.

 

لە ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 14ی 9ی 2026،، نووری گەرمیانی لەسەر سکاڵای دادخوازێک و لەسەر تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەولێر دەستگیر کرا.

 

ئاسۆ هاشم، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی نووری گەرمیانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەبەر ڕێزی بریکاردارەکەیان و هەستیاریی پەڕاوەکە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر هۆکارەکانی وازهێنانەکەیان بۆ ڕای گشتی بڵاو ناکەنەوە.

 

تیمی پارێزەرانی ناوبراو پێکهاتبوو لە (پارێزەران ئاسۆ هاشم، ئومێد پاڵانی، و ئازاد ساڵح مەعرووف).

 

پێشتر نووری گەرمیانی دادگای ئاگادار کردبووەوە، کە ماددە یاساییەکە شایانی ئازادکردنە بە کەفالەت تا ڕۆژی دادگاییکردنی چونکە کەسێکی دیار و ناسراوە، شوێنی نیشتەجێبوونی دیارە و هیچ مەترسییەکی هەڵاتنی لەسەر نییە.

 

نوورەدین عوسمان، ناسراو بە نووری گەرمیانی، لەدایکبووی ساڵی 1969ی کەرکووکە؛ لە ساڵی 1984دا یەکەم گۆرانیی بڵاو کردووەتەوە و ئێستا کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری مۆسیقایە لە هەولێر.