بانکی ناوەندیی عێراق بەمزووانە بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخی دیاریکراوی دەوڵەت بۆ گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی هەولێر دەردەکات؛ ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی هاوسەنگکردنی خزمەتە دراوییەکان لە هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

 

ئەمڕۆ عەلی شێخ خالس بەرزنجی، ئەندامی لێژنه‌ی گواستنەوە، گەیاندن و فەرمانڕەوایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، بەپێی بەدواداچوونەکانیان، ڕێکارەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردن.

 

پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی هەولێر بەپێی ڕێنمایییەکانی بانکی ناوەندی بەڕێوە دەچێت، هه‌روه‌ها شێوازی کارکردنەکە هاوشێوەی ئەو ڕێکارە دەبێت کە لە تەواوی فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراقدا پێڕەو دەکرێت.

 

گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم بڕیارەوە دەتوانن پشکی فەرمی دۆلاری گەشتیاری بە نرخی دیاریکراوی دەوڵەت وەربگرن؛ ئەمەش بارگرانی کڕینی دۆلار بە نرخی بەرز لە بازاڕی هاوتەریبدا لەسەر گەشتیاران کەم دەکاتەوە.

 

پێشتر گەشتیارانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی ئەم خزمەتە، لە وەرگرتنی پشکی فەرمی دۆلار بێبەش بوون و ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبوونەوە؛ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کۆتایی بەو جیاوازییە کارگێڕی و دراوییە دەهێنێت.