ڕووسیا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی کە گوایە وڵاتەکە دەستی لە هاککردنی سیستەمی ساردکەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا هەیە، هاتە دەنگ و بە "بێ مانا" وەسفی کردن.

ئەمڕۆ دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە کە گوایە ڕووسیا هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر سیستەمی سەلاجەی مارکێتەکانی وڵاتانی ئەوروپا و هاکی کردوون، گوتی: "ئەم دەنگۆیانە بێ بنەما و بێ مانان، هیچ بەڵگەیەکیان نییە و ئەمجۆرە تۆمەتانە خەریکە دەبنە شتێکی باو لە ئەوروپا."

لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو، زیاتر لە 100 سیستەمی ساردکەرەوە و سەلاجەی سوپەرمارکێتەکانی وڵاتانی هەر یەک لە بەلجیکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و سوید و 6 وڵاتی دیکە هاککران و پلەی گەرمییان بۆ 55 پلەی سەدی زیادکران، ئەمەش لە ڕێگەی قۆستنەوەی ئەو ئامێرە میکانیکییانەی لەم ساڵانەی دواییدا بەستراونەتەوە بە هێڵی ئینتەرنێتەوە.

لە ئەنجامی ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییانە، بڕێکی زۆر لە خواردن و خواردنەوەی فرێش و بەستووەکان، کە بەهۆی گەرمبوونی سەلاجەکان شل ببوونەوە، فڕێ دران. هاوکات جگ لە خۆراک، تەنانەت بانکەکانی خوێنی فەڕەنساش تووشی هێرشی ئەلیکترۆنی بوونەوە، بەڵام خزمەتگوزاری کۆکردنەوەی خوێنی وڵاتەکە ئاشكرای کرد، مەترسی نەکەوتبووە سەر کۆگاکانی خوێن.

ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییانە دوای ئەوە دێن، بڵابوونەوەی ناردنی ئیمەیڵ، هۆشداری و هەڕەشەی (ساختە) لەسەر هەبوونی بۆمب لە نێو هێڵەکانی ئاسمانی ئەوروپا ڕوو لە زیادبوون دەکەن، شیکەرەوان پێیان وایە ئەم ڕووداوانە بەشێکن لەئۆپەراسیۆنێکی فراوانتری ڕووسیا یان ئێران بە ئامانجی پەکخستنی ژیان لە کیشوەری ئەوروپا.