کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی ناوداری تۆپی پێی پورتوگال، بە فەرمی وازهێنانی خۆی لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانیی پورتوگال ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە چیتر بۆ وڵاتەکەی یاری ناکاتەوە.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەبارەی ماڵئاواییکردنی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:
بۆ گەلی پورتوگال، ئەو ڕۆژە هات کە تێیدا درێسی ژمارە 7 ڕادەستی هەڵبژاردەی هەموومان بکەمەوە. هەرگیز پێم وانییە تەنیا هی من بووبێت، بەڵام بە درێژایی 23 ساڵ، شانازی و بەرپرسیارێتیی پۆشینی، بەرگریکردن لێی و بردنەناوەوەی بۆ یاریگەکانی سەرانسەری جیهان بە من بەخشرا. ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە ڕادەستی داهاتووی بکەم. بڕیارێکی هاسان نەبوو، چونکە هەندێک بڕیار تەنیا بە پێوەری ژیری و بیرکردنەوە نادرێن، بەڵکوو بە دڵیش دەدرێن. ئەمڕۆ کۆتایی بە گەشتێک دەهێنم کە لە ئابی 2003 دەستی پێ کرد و بۆ هەمیشە ژیانمی گۆڕی. کاتێک ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەمەوە و بیر لە هەموو ئەو ساتانە دەکەمەوە کە لەگەڵ هەڵبژاردەکە ژیام، تەنیا یاری، گۆڵ، ژمارەی پێوانەیی یان جامی پاڵەوانێتی نابینم، بەڵکوو مرۆڤەکان دەبینم. ئەو کۆچبەرانە دەبینم کە بۆ ماوەی 90 خولەک هەستیان دەکرد پورتوگال تۆزێک لێیان نزیکترە، ملیۆنان پورتوگالی دەبینم کە هەرگیز ڕووبەڕوو چاوم پێیان نەکەوتووە، بەڵام بەشێکی گەورە بوون لە ژیانم؛ چونکە لە کۆتایی هەموو شتێکدا، تۆپی پێ زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا یارییەک بێت، تۆپی پێ بریتییە لە مرۆڤەکان. بە درێژایی کاروانی وەرزشیم لەگەڵ هەڵبژاردەکە، هەمیشە تێکۆشاوم سنوورەکانم تێپەڕێنم. ویستم سەربکەوم، ویستم لە هەموان چاکتر بم و دەمویست مێژوو بنووسمەوە. هەمیشە بەرامبەر بە خۆم داواکار و توند بووم، هەمیشە پێم خۆش بوو زیاتر وەدەست بهێنم، هەمیشە بڕوام وابوو کە دەتوانین بگەینە ئاستێکی باڵاتر، و هەموو توانای خۆم لە پێناو ئەم درێسەدا بەخشی. ڕۆژ و شەوانێکی بێوێنە بوون، سەرکەوتن گەلێک هەبوون کە هەرگیز لەبیر ناچنەوە و شکان گەلێکیش هەبوون کە تا ئەمڕۆش بیرهاتنەوەیان بۆ من دژوارە. منیش هەڵەم کردووە، ئازاریشم چەشتووە، و کاتگەلێکیش هەبوون کە نەمتوانیوە ئەوە پێشکەشی پورتوگالییەکان بکەم کە بە پەرۆشەوە ئاواتیان بۆ دەخواست، بەڵام هەرگیز کۆڵم نەداوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە، هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەستکردن بە شانازیی نوێنەرایەتیکردنی پورتوگال سارد نەبوومەتەوە. بە درێژایی ئەم ساڵانە، فێری ڕاستییەکی زۆر سادە بووم؛ گۆڵەکان تێ دەپەڕن، جامەکان لە مۆزەخانەکاندا دەمێننەوە، ژمارە پێوانەییەکان لە کۆتاییدا دەشکێنرێن، بەڵام شتێک هەیە کە ڕۆژگار هەرگیز ناتوانێت بیڕەشێنێتەوە، ئەویش ئەو پێگە و جێگەیەیە کە لە دڵی خەڵکدا دروستی دەکەین. ئەگەر لە ڕۆژێک لە ڕۆژاندا دڵم شاد کردبن، یان ئەگەر گۆڵێکی من بووبێتە هۆی ئەوەی باوەش بە کەسێکدا بکەن، یان بێئومێدییەکتان لەبیر بچێتەوە، یان شانازی بە نیشتمانەکەمانەوە بکەن، ئەوا هەموو ماندووبوونەکان شایەنی ئەوە بوون؛ چونکە پورتوگالیبوون بەو مانایەیە کە ئێمە پێکەوە ئازار دەچێژین، پێکەوە هەڵدەستینەوە، و سەرلەنوێ بڕوا دروست دەکەینەوە. پورتوگال هەمیشە پێویستی بەو لاوانە دەبێت کە خەونی گەورە دەبینن، بەو یاریزانانەی هەرگیز کۆڵ نادەن، و بە نەوەیەکی نوێ کە باوەڕیان وابێت گەیشتن بەوەی پێشتر کەس پێی نەگەیشتووە کارێکی گونجاو و دەستپێگەیشتووە؛ چونکە ئەو وڵاتەی بەردەوام بێت لە پێگەیاندنی پاڵەوانی نوێ، وڵاتێکە کە هەرگیز لە باوەڕبوون بە خۆی ناوەستێت. بۆ هاوڕێکانم لە هەڵبژاردەدا، دەمەوێت پەیامێکی تایبەت بنێرم: سوپاستان دەکەم بۆ هەموو ڕاکردنێک، بۆ هەموو باوەشپیاکردنێک، بۆ هەموو بیروڕا گۆڕینەوەیەک، بۆ هەموو ساتێکی هێمنی و ئارامیی پێش چوونە نێو یاریگە، بۆ هەموو سەرکەوتنێک کە پێکەوە جەژنمان بۆ گێڕا، و بۆ هەموو شکستێک کە بەهێزتری کردین. شانازیی ئەوەم هەبوو کە پێشەنگ و کاپتنتان بم، بەڵام هیچ سەرکردەیەک بە تەنیا ڕێ ناکات، و ئێوەش بەشێکن لە مێژووی من. بۆ هەموو ڕاهێنەران، کارگێڕان، پزیشکان، چارەسەرکارانی سروشتی، سەرپەرشتیارانی کاروباری تیپ، کارگوزاران، و بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لەگەڵمدا ئەرکیان کێشاوە: سوپاستان دەکەم. زۆربەتان هەرگیز لە وێنەکاندا دەرنەکەوتوون، بەڵام بەبێ ئێوە، هیچ کام لەو وێنانە نەدەبوونە ڕاستی. بۆ بنەماڵەکەم، سوپاستان دەکەم بۆ بەشداریکردنم لەم خەونەدا؛ سوپاس بۆ لێکتێگەیشتنتان لە دوورکەوتنەوەکان، لەخۆبوردووییەکان، و ئەو کاتانەی کە دەبوو هەڵبژاردەکە ئەو دەرفەتە پڕ بکاتەوە کە هی ئێوەش بوو. ئەگەر گەیشتبێتمە ئەم پێگە بەرزە، لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە دەستمان لەناو دەستی یەکتردا بووە. بۆ گەلی پورتوگال، بۆ هەموو ئەو پورتوگالییانەی بە هەموو جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، دەمەوێت لە دڵەوە شتێکی کۆتاییتان پێ بڵێم: دیمەنێک هەیە کە هەمیشە لەگەڵ خۆمدا هەڵی دەگرم، ئەویش ساتی لێدانی سروودی نیشتمانییە. سەیری دەوروبەرم دەکەم، هاوڕێکانم دەبینم، و سەکۆی هاندەران دەبینم. منداڵان، دایکان، باوکان و باپیران دەبینم، و ئەو پورتوگالییانە دەبینم کە لە شوێنی زۆر دوورەوە هاتوون تەنیا بۆ ئەوەی لەوێ ئامادە بن. لەو چەند خولەکەدا، ئیتر لە جیاوازییەکان ڕادەمێنین؛ نە هیچ یانەیەک دەمێنێت، نە هیچ ڕەنگێک، نە هیچ جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی، نە هیچ پیشەیەک، نە هیچ بۆچوونێک، تەنیا یەک خولیا و خۆشەویستیی هاوبەش هەیە، ئەویش: پورتوگالە. ئەم هەستە بۆ تەواوی ژیانم لەگەڵ خۆمدا هەڵی دەگرم. ئەمڕۆ گەشتەکەم لەناو یاریگەدا لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی کۆتایی دێت. بە سەربەرزییەوە، بە شانازیکردن بەو ڕێگەیەی پێیدا ڕۆیشتم، و بە دڵنیاییەکی تەواوەوە کە هەموو توانای خۆم لە پێناو پورتوگالدا بەخشی، لەم مەیدانە دەردەچم.بەڵام هەرگیز لەوە ناکەوم کە یەکێک بم لە ئێوە؛ بەردەوام دەبم لە ئازارچەشتن، پەرۆشی و جێژنگێڕان بۆ هەموو سەرکەوتنێکی پورتوگال. تەواوی ژیانم کارم کرد بۆ ئەوەی ببمە باشترین یاریزانی جیهان، و ئەمڕۆ تێ دەگەم کە گەورەترین سەرکەوتن ئەوە بووە کە شایستەی نوێنەرایەتیکردنی نایابترین وڵاتی جیهان بووم. سوپاستان دەکەم بۆ ئەم 23 ساڵە؛ سوپاس بۆ ئەوەی باوەڕتان پێم بوو؛ سوپاس بۆ ئەوەی ڕێگەتان پێ دام ئەو خەونە وەدی بهێنم کە دەستی پێ کرد کاتێک تەنیا منداڵێکی چاوکراوە بووم لە مادیێرا و بەدوای تۆپێکدا ڕام دەکرد. درێسی ژمارە 7 دەمێنێتەوە، و شانازیی پۆشینیشی بۆ هەمیشە لەگەڵ مندا دەبێت. پورتوگال هەمیشە لە ناخمدایە. بۆ هەمیشە، بە هیوای چاوپێکەوتن.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ
5ی 11ی 2026
دەستکەوتەکانی ڕۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال:
234 یاری
146 گۆڵ
46 پاسی گۆڵ (ئەسیست)
1 جامی نەتەوەکانی ئەوروپا (یۆرۆ)
2 نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا
گۆڵکاری مێژوویی سەرجەم هەڵبژاردەکانی جیهان
خاوەنی زۆرترین یاری لە مێژووی هەڵبژاردە نیشتمانییەکاندا