محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەوە تۆمەتبار کراوە، کە موڵکی دەوڵەتی داگیرکردووە، بنکەی پۆلیسی تەکیەش لەمبارەیەوە سکاڵای لەسەر کردووە، بەڵام ناوبراو وەڵامی نەداوەتەوە و لەبەردەم دادوەر ئامادە نەبووە، چاوەڕوان دەکرێت لەسەر ئەم کردەوەیە سزا بدرێت.
بەپێی زانیارییەکان، محەممەد حاجی مەحموود بەتۆمەتی داگیرکردنی موڵکی دەوڵەت، لەلایەن بنکەی پۆلیسی تەکیەوە سکاڵای لەسەر کراوە، بەڵام ناوبراو گرنگیی بە بڕیارەکە نەداوە و پشتگوێی خستووە، بەوهۆیەشەوە دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بە بڕیاری فەرمی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە.
فەرمانەکە کە تایبەتە بە داگیرکردنی موڵکی دەوڵەت، پشت بە مادەی 11ـی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018ـی هەرێمی کوردستان دەبەستێت و بریتییە لە: یاسای ڕێگری لە زێدەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و موڵکی دەوڵەت.
ناوەرۆکی مادەی 11 لەم یاسایەدا بەمشێوەیە ئاماژەی پێکراوە: ئەم مادەیە تایبەتە بە دیاریکردنی سەرپێچی و ڕەفتارە نایاساییەکان لەسەر زەوی و زاری دەوڵەت؛ جەخت دەکاتەوە لەوەی کە هەر ڕەفتار، دروستکراو، یان بەکارهێنانێک لەسەر زەوی و موڵکی گشتی/دەوڵەت بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمی و ئۆسۆڵی ئەنجام بپۆشڕێت، بە زێدەڕۆیی هەژمار دەکرێت و بکەرەکەی ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی، فەرمانی دەستگیرکردن و لابردنی زێدەڕۆییەکە دەکاتەوە.
هەر بەپێی یاساکە، نابێت سزای لەبەرچاوگیراو بۆ تاوانبار، کەمتر لە ماوەی یەک ساڵ زیندانیکردن بێت، یاخود تاوانبار بە پێبژاردنی یەک ملیۆن دینار سزا بدرێت.
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حاجی مەحموود دەرچووە
کورتە
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەرچووە؛ هۆکارەکەی بۆ سکاڵای یاسایی بنکەی تەکیە و ئامادەنەبوون لەبەردەم دادوەر گەڕێندراوەتەوە.