وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕێوشوێنی گرتنەبەری هەنگاوە یاسایییەکانی بەرامبەر بە ساغکردنەوەی شتومەکی ساختە، قۆرخکاری و گرانکردنی نرخەکان ڕاگەیاند و هۆشداریی توند دەداتە سەرپێچیکاران.
ئەمڕۆ محهممهد حەنوون، ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، دەستەکانی چاودێری بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکاندا لە پشکنینی مەیدانی بۆ کۆگا و بازاڕەکانی بەغدا و پارێزگاکان بەردەوامن، بە مەبەستی پاراستنی مافی بەکاربەران و دڵنیابوونەوە لە ساغی و بێزیانیی کەرەستە خۆراکییەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەم چاودێرییانە بۆ پێشگرتنە لە دروستکردنی کەمیی دەستکرد لە بازاڕدا؛ سەرجەم ئەو سەرپێچییانەشی دەچنە چوارچێوەی تاوانەوە، بەپێی یاسای پاراستنی بەکاربەر ژمارە 1ی ساڵی 2010 و یاسای قەدەغەکردنی قۆرخکاری ژمارە 14ی ساڵی 2010 ڕەوانەی دادگە دەکرێن؛ هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکار بن لە ئاگادارکردنەوە و گەیاندنی زانیاری لەسەر سەرپێچییەکان.
بازاڕەکانی عێراق بەردەوام لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابوورییەکاندا تووشی قهیرانی گرانبوونی خۆراک و قۆرخکاری دەبنەوە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار دەکات بە یاسای توند سنوورێک بۆ بازرگانانی سەرپێچیکار دابنێن.