دوای جێگیربوونی ناردنی مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتاران فەرمانبەران دڵنیا دەکەنەوە کە جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، مووچەی مانگی 12ی ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەک لەدەست ناچێت و نافەوتێت.
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2024ەوە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بەتەواوی جێگیر کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی 2024 و 2025دا مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەران لەدەست چوو.
ئەمڕۆ سەلوان ئاکرێی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی داوە هیچ مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێم لەدەست نەچێت و بەدڵنیاییەوە مووچەی مانگی 12 هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نافەوتێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ دۆخەکە جیاوازە و هیچ مووچەیەک کاتێکی زۆر دوانەکەوتووە، بەڵکو لە مانگی 12ی ئەمساڵدا ڕاستەوخۆ دوای مووچەخۆرانی عێراق، پارەی مووچەی هەرێم دەنێردرێت؛ هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگانە پێویستی بە 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار هەیە.
هاوکات شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمساڵ دۆخەکە لە ساڵانی ڕابردوو جیاوازە و هیچ دەرفەتێک نییە مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت، چونکە بۆ بەغدا هیچ بیانوویەک نەماوەتەوە و حکومەتی هەرێم بەتەواوی ئەرکە داراییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەمی ژمارەی مووچەخۆران لە خشتەی فەرمیدا لەنێوان 1,114,000 تا 1,132,000 مووچەخۆردایە.
ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 834.92 ملیار دینار وەک دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، هاوکات مانگانە بڕی 120 ملیار دینار لە تەواوی مافی مووچە دەبڕێت وەک بەشی گەنجینەی گشتی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمدا.