شاهۆ نەجم کەرکووکی لە پەیامێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی لە بارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ شاهۆ نەجم کەرکووکی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی بە هەنگاوێکی نیشتمانی و پێویست ناو برد و داوا ده‌كات بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی ململانێ سیاسییەکانەوە بێت.

 

ناوبراو دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی ویژدانی خۆیان لە بەرامبەر گەل ئاسوودە کرد و ڕێگرییان لە زیانگەیشتن بە قەوارەی هەرێم کرد.

 

هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە دروستبوونی بۆشایی یاسایی مەترسییەکی گەورە بوو، بۆیە ناکرێت هەرێمی کوردستان بکرێتە قوربانی ململانێیە حزبییەکان.

 

پەرلەمانی کوردستان دوای چەندین مانگ لە وەستانی کۆبوونەوەکانی، ئه‌مڕۆ لە دانیشتنێکی کراوەدا دەستەی سەرۆکایەتی نوێی خۆی هەڵبژارد و کۆتایی بە چەقبەستوویی لە پرۆسەی یاساداناندا هێنا.