پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 52 پەرلەمانتار دەستەی سەرۆکایەتیی خولی شەشەمی هەڵبژارد و د. ڤاڵا فەرید بە سەرۆکی پەرلەمان دیاری کرا.
ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوونی دانیشتنی تەواوکاریی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی ڕاگەیاند و بهپێی ڕاگهیهنراوهكه، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی سەمیرە حەسەن وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوە چوو و تیایدا د. ڤاڵا فەرید بە سەرۆک، ڕامی نووری عەودیش بە جێگر، و مونا نەبی قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران.
سەرۆکی نوێی پەرلەمان لە وتارێکدا داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان و تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو نوێنەرانی خۆیان بۆ لیژنەی یاسایی و لیژنەکانی تر دەستنیشان بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتی لەدەستچوو.
دهقی بڵاوكراوه:
تەواوکاریی دانیشتنی یەکەمی کراوەی خولی 6ـەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ هەڵبژێردرا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4/11/2026، بە سەرپەرشتیی هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی تەواوکاریی یەکەمی خولی پاییزەی ساڵی 1ـەم لە خولی هەڵبژاردنی 6ـەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو، و داوا لە سەمیرە حەسەن حەمید کرا وەکوو بەتەمەنترین یاسادانەری ئامادەبووی نێو هۆڵەکە، وەک سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان دەستبەکار بێت.
پاشان سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ناوی سەرجەم ئەو بەربژێرانەی خوێندەوە کە بە دەنگدان خۆیان پاڵاوتبوو بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، هاوکات دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو یاسادانەرانەش واڵا کرد کە خواستی خۆپاڵاوتنیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەبوو.
دواتر دەرگای دەنگدان بۆ د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم کرایەوە کە لە ڕێکەوتی 2/12/2024 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردبوو؛ لە تەواوکاریی دانیشتنەکەشدا پاش کشانەوەی بەربژێرانی دیکەی دەستەی سەرۆکایەتی، هەریەکە لە ڕامی نووری عەودیش بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان خۆیان بەربژێر کرد.
پاشان لە لایەن سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانەوە دەنگدان دەستی پێ کرد و ئەندامانی ئامادەبوو لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیان هەڵبژارد. بەم پێیە، هەریەکە لە د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕامی نووری عەودیش بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی بۆ سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە کۆی 52 دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو یەکلایی کرانەوە.
پاشان لە لایەن سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانەوە داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراو کرا بچنە شوێنی خۆیان. دواتر د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆکی خولی 6ـەمی پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی کاراکردنەوەی دەزگای یاسادانان، و داواشی لە سەرجەم دەستە پەرلەمانییە جیاوازەکان کرد بگەڕێنەوە نێو پەرلەمانی کوردستان؛ هاوکات ئەندامانی پەرلەمانیشی ڕاسپارد تاوەکوو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بە پێکەوەنانی لیژنەی یاسایی و سەرجەم لیژنەکانی دیکەی پەرلەمان هەنگاو بنێن.
دەقی وتارەکەی د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:
بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان
بە ناوی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە سوپاسی متمانەپێدانتان دەکەین، سوپاسی سەرۆکی تەمەنی بەڕێز دەکەین بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم؛ دڵنیاتان دەکەینەوە وەکوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە شێوەیەکی بێلایەنانە و بەرپرسانە کارە پەرلەمانییەکان ئەنجام دەدەین.
هەر لێرەوە داوا لە دەستە پەرلەمانییەکان دەکەین بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان و بەشدار بن لە دانیشتنەکان و بەجێگەیاندنی ئەرکی پەرلەمانیی خۆیان. هەروەها داواکارین لە فراکسیۆنەکان بە زووترین کات نوێنەرانی خۆیان بۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان بکەن، بەتایبەتی لیژنەی کاروباری یاساییی پەرلەمانی کوردستان؛ چونکە پەرلەمان ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەبێ لیژنەی کاروباری یاسایی جێبەجێ بکات.
بۆیە داواتان لێ دەکەین تا ڕۆژی دووشەممە نوێنەرانی خۆتان بۆ لیژنەی کاروباری یاسایی دەستنیشان بکەن و بەرزی بکەنەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان تاوەکوو بە زووترین کات لیژنەی یاسایی پێک بهێنین و دواتریش سەرجەم لیژنەکانی دیکە دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی ئەو کاتەی لە دەست چووە قەرەبووی بکەینەوە و پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکات بە شێوازێک کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستاندا بێت بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانییەوە.
بەم شێوەیە دانیشتنی ئەمڕۆمان کۆتایی پێ دەهێنین، زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز.