وەزارەتی دارایی و ئابووریی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی بڵاوکردەوە، کە لە ماوەی 4 ڕۆژدا سەرجەم مووچەخۆران شایستە دارایییەکانی خۆیان وەردەگرن.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویكرده‌وه‌، دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەم دەست پێدەکات و لە ڕۆژی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەم کۆتاییی پێدێت.

 

بە پێی خشتەکە، لە ڕۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمدا، دەستپێکی دابەشکردنەکە بە پێدانی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت.

 

لە ڕۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی دووەم، مووچەی کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، وەزارەتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەگەڵ چەندین دەستە و فەرمانگەی دیکە دابەش دەکرێت.

 

لە 3یەم ڕۆژدا کە دەکاتە ڕۆژی سێشەممە، 10ی تشرینی دووەم، مووچەی وەزارەتەکانی ناوخۆ، دارایی، داد، پلاندانان، شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هاوکات لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی چاودێریی دارایی دەدرێت.

 

لە دواڕۆژی دابەشکردنی مووچەدا کە دەکاتە ڕۆژی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەم، مووچەی یەکەکانی هێزی پێشمەرگە، ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایش، فەرماندەییی پێشمەرگەی زێرەڤانی، هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن، و پۆلیسی نەوت و گاز دابەش دەکرێت و کۆتایی بە خشتەکە دێت.

 

ئەم خشتەیە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک پارەدارکردنی مووچە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، دوای ئەوەی بەغدا 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینە لە داهاتی نانەوت و زیاتر لە 4 ملیار دیناری لە شایستەی خانەنشینان بڕی.