دوای سەرکەوتنە مێژوویەکەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێس، ڕێبەری باڵای ئێران هیچ هیوایەکی بە گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە وڵاتەکەی نیشان نەدا و دووبارە ئەمریکای بە "شەیتانە گەورەکە" وەسف کرد.

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پڕۆسەی ڕووخانی ئەمریکا خێراتر بووە، وڵاتەکە لە هەردوو ڕووەوە، هێزی سەربازی و سیاسەتی نێودەڵەتی شکستێکی بێ وێنەی هێناوە.

لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا و کاریگەری سەرکەوتنی دیموکراتەکان بەسەر سیاسەتی داهاتووی دەرەوەی ئەمریکا، موجتەبا خامنەیی هیچ هیوایەکی نیشان نەدا و گوتی: "زۆر هەڵەن ئەو کەسانەی ئەگەر تا ئێستا هیوایان بە گۆڕانی سیستەمی هەژموونی ئەمریکا هەیە، یان ئەگەر پێیان وایە بە سازشکردن، ئەمریکا سیاسەتە دوژمنکارانەکانی بەرامبەر بە ئێران دەگۆڕێت."

ڕێبەری باڵای ئێران ئەمریکای بە "شەیتانە گەورەکە" وەسف کرد و گوتی: "دەیەوێت نەتەوەی ئێران خۆی بەدەستەوە بدات، نیشاندانی کەمترین ژێردەستەیی دەبێتە هۆی لەدەستچوونی ئەو سەرمایە مەزنەی کە بە خوێنی شەهیدەکانمان و قوربانیدانی تەواوی نەتەوەی ئێران بەدەست هاتووە."

بەمهۆیەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی وڵاتەکە لەسەر ئێران، ڕێبەری باڵای وڵاتەکە جەختی کردەوە کە تاکە ڕێگە بریتییە لە پاراستنی ستراتیژی "ئێرانێکی لە هەموو کاتێک بەهێزتر"، ئەویش یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و هاوکاری نەتەوەیی کلیلی سەرەکی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا، دیموکراتەکان سەرکەوتنێکی مێژووویان بەدەستهێنا و توانییان زۆرینەی کورسییەکانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لە کۆمارییەکان وەربگرنەوە.