سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

 

ئەمڕۆ بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا سازدانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و فالح فەیازی لە پیرمام بڵاو کردەوە و به‌پێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌، بیروڕا لە بارەی ڕەوشی ڕامیاری و پێشهاتە نوێیەکانی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

 

هاوکات هەردوولا سەرنجیان خستە سەر ڕێڕەوی سیاسی عێراق و گرنگی پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان سەرجەم لایەنەکان لە پێناو چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیریدا.

 

چاوپێکەوتنی نێوان سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی باڵای بەغدا لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییه‌كان و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.