ئەنجامە سەرەتایییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل، کێبڕکێیەکی توند و بنبەستێکی سیاسی نوێ پێشان دەدەن؛ بە جۆرێک کە بەرەی بنیامین نەتەنیاهوو 53 کورسی و هاوپەیمانیی بەرەی نەیار (ئۆپۆزسیۆن) 48 کورسییان بەدەست هێناوە.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژماردنی دەنگە ئاسایییەکان کۆتایی هاتووە، بەڵام هیچ لایەنێکی سەرەکی نەیتوانیوە زۆرینەی پێویست کە 61 کورسییە مسۆگەر بکات.
ئەم هەڵبژاردنە کە یەکەمین ڕەوتی دەنگدانە دوای هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023دا، بەشدارییەکی پێوانەییی بەخۆیەوە بینی و ڕێژەی دەنگدان گەیشتە 77.7%، کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا.
پارتەکەی نەتەنیاهوو بە ناوی لیکوود توانیویەتی 26 کورسی بەدەست بهێنێت و پێشەنگی پارتەکان بگرێت، بەڵام تەواوی بەرەی ڕاستڕەو بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2022، زیاتر لە 11 کورسیی لەدەست داوە.
بەرەی نەیار بە سەرۆکایەتی گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یاشار کە 21 کورسیی مسۆگەر کردووە، لەگەڵ هاوپەیمانییەکەی نەفتالی بینێت بە 12 کورسی و دیموکراتەکان بە 8 کورسی لە پلەی دووەمدان.
پارتە عەرەبییەکان لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنێکی مێژوویییان تۆمار کرد و بە بەدەستهێنانی 19 کورسی، بوونەتە کلیلێکی یەکلاکەرەوە بۆ داڕشتنی هاوکێشەی دەسەڵات لە کنێستدا.
یووسف جەبارین، سەرۆکی لیستی هاوبەش کە 12 کورسیی بەدەست هێناوە، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێگەی پارتە عەرەبییەکان ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت و دەبێت دەنگێکی کاریگەریان لە داهاتووی حکومەتدا هەبێت.
لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەکات کە چارەنووسی نزیکەی 8 تا 9 کورسی، پێوەستە بە ژماردنی 430 هەزار بۆ 480 هەزار دەنگی پاکەتە داخراوەکانی سەربازان و نێردە دیپلۆماسییەکانەوە.
یۆعاز هیندل، سەرۆکی لیستی سەربازانی یەدەگ و ئابووریناسان کە لە خوار بەربەستی یاساییی 3.25%ەوەیە، هیوای خۆی بە دەنگی سەربازانی یەدەگ بەستووە بۆ گەیشتن بە کنێست.
لە بەرامبەردا، پارتی لیکوود پارتە عەرەبییەکانی بە ساختەکاری و دزینی دەنگەکان تۆمەتبار کرد و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی لە شێوازی دەنگدان لە شارۆچکە عەرەبییەکاندا کرد.
لێژنهی هەڵبژاردنەکان لە وەڵامی سکاڵاکاندا ڕوونی کردەوە کە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو لەسەر ساختەکاریی ڕێکخراو (سیستماتیک) لە ئارادا نییە و تەنیا چەند ڕووداوێکی تاکەکەسی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
گادی ئایزنکۆت ئەنجامەکانی بە دەنگی بێمتمانەیی زۆرینەی کۆمەڵی ئیسرائیل بە کابینەکەی نەتەنیاهوو ناودێر کرد و داوای دەستبەکاربوونی دەستبەجێی حکومەتێکی نوێی کرد.
یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان ڕایگەیاندووه، بەرەی دژبەری نەتەنیاهوو خاوەنی 67 کورسییە و داوای لە سەرکردەکانی بەرەی نەیار کرد لەپێناو ڕزگارکردنی دیموکراسیدا پێکەوە کار بکەن.
گۆلان هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ مەنسوور عەباس، سەرۆکی لیستی ڕەعام دەربڕی و گوتی: "سیاسهت هونەری دەرفەتەکانە و نابێت بەربەست (ڤیتۆ) لەسەر پارتە عەرەبییەکان دابنرێت."
لەلایەکی ترەوە، ئاڤیگدۆر لیبەرمان و نەفتالی بینێت پێشتر بەڵێنیان دابوو کە لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان نەچنە نێو هیچ هاوپەیمانییەکەوە؛ ئەمەش ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت لەلایەن بەرەی نەیارەوە دروست دەکات.
نەتەنیاهوو بۆ دەربازبوون لەم قهیرانه هەوڵی ڕاکێشانی بەشێک لە نەیارەکانی یان ئەندامانی پەرلەمان دەدات، بەڵام ناکۆکیی لەمێژینەی لەگەڵ لیبەرمان لەسەر پرسی سەربازیی زۆرەملێ بۆ حەریدییەکان لە ئارادایە.
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە پەیامێکدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بە بەڵگەی شکستی ئیسرائیل و ڕۆچوونی لەنێو قهیرانی ناوخۆیی و ڕامیاریی بەردەوامدا ناوبرد.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن کە بیرۆکەی پێکهێنانی حکومەتێکی یهكگرتووی نیشتمانی بەبێ بەشداریکردنی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەو، لەلایەن کەسایەتییە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپەوە تاوتوێ دەکرێت.
ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل داوای لە هەموو لایەنە سیاسییهكان کرد بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن و ڕێگری لەوە بکەن وڵات جارێکی تر بەرەو خولێکی نوێی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەلکێش بکرێت.
بەپێی یاسا، سەرۆکی ئیسرائیل دوای ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردەی پارتەکاندا، بەربژێرێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومهت لە ماوەی 42 ڕۆژدا ڕادەسپێرێت، بەڵام ئەگەر هەوڵەکان سەرنەکەون، نەتەنیاهوو وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.