سەرۆک بارزانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە هەنگاوێک بۆ پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم ناو دەبات و داوا لە سەرجەم ئەو لایەنانە دەکات کە بەشدارییان نەکردووە، بێنە ناو پرۆسەکەوە و هاوکار بن.
ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی بە بۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان، پەرلەمانتاران و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا پێزانینی خۆی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەربڕیوە، کە بە هەڵوێست و جێبەجێکردنی ئەرکی یاسایی و نیشتمانیی خۆیان، بوونە هۆی زیندووکردنەوە و کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوە دەستوورییە گرنگەی هەرێم.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە، بەڵکو بە تەواوی لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسییدا دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی بانگهێشتێکی کراوە ئاراستەی ئەو لایەنانە دەکات، کە تائێستا بەشداریی پرۆسەکەیان نەکردووە، بەمەبەستی ئەوەی ئەوانیش بەشداری لە هەنگاوەکانی داهاتوودا بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا پشتگیری و هاریکاریی پرۆسەی سیاسی بن.