وەزارەتی دارایی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچەی مانگی 10 لەمڕۆدا دەستنیشان دەکات و جەخت دەکاتەوە، کە دابەشکردنی نەختیی پارەکە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست پێدەکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم گەیشتە هەولێر و خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی باسی لەوە کرد، گەیشتنی ئەم تەمویلە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێمی بڕیوە، لەم مانگەدا بەغدا بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لە کۆی تەمویلەکە کەم کردووەتەوە، هاوکات بڕی زیاتر لە 4 ملیار و 476 ملیۆن دیناری دیکەشی لە شایستەی مانگەکانی پێشووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ڕاگرتووە.
سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی مووچە وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، ڕێکارە بانکییەکان بەسەر دوو قۆناغی جیاوازدا دابەش بوون لە لایەکەوە بەهۆی داخڵبوونی تەمویلەکە لە دواساتەکانی دەوامی فەرمیی ڕۆژی چوارشەممەدا، پرۆسەی تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی نەختیی پارەکە لە بانکی ناوەندی دەکەوێتە سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە.
لە بەشێکی ڕاگەیەنداوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و توێژەکان لەمڕۆدا بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی ڕێکارە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی سیستەمی بانکیی (ACH) لە بانکی ناوەندیی عێراق پێویستی بە ماوەی ڕۆژێکی تەواوی دەوام هەیە. لەبەر ئەوەی ڕۆژانی هەینی و شەممەش پشووی فەرمیی بانکەکەن و هیچ مامەڵەیەکی تێدا ناکرێت، کۆتاییهاتنی تەواوی ڕێکارە بانکییەکان و خەرجکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆران دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو.