دوای کشانەوەی لە فراکسۆنی یەکێتی و بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمان وەک سەربەخۆ، نیشتیمان ناوپردانی وەڵامی هەموو ئەو کەسانەی دایەوە کە داوای هۆکاری کشانەوەکەیان دەکرد.
ئەمڕۆ نیشتیمان ناوپردانی، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی ڕوونی کردەوە، دانیشتن لە ماڵەوە و وەرگرتنی مووچە بەبێ ئەنجامدانی هیچ کارێکی یاسایی، خیانەتە لە دەنگی هاووڵاتییان، "دەنگی من ئەوە نییە لە ماڵەوە دابنیشم، ئەگەر خزمەت نەکەم، ئەوا من خۆم خیانەتم لە دەنگی ئێوە کردووە."
نیشتیمان ناوپردانی ئاماژەی بە مەترسییەکانی کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر قەوارەی هەرێم دا و گوتی: "بەغدا چاوەڕێی ئەو ساتەیە ئێمە خۆمان بڵێین ئێمە ناتوانین خۆمان بەڕێوەببەین، پەرلەمانێکی داخراو، دامەزراوەیەکی پەکخراو، باشترین پاساوە بۆ ئەوەی قەوارەکەمان لاواز بکەن."
لەبارەی هۆکاری سەرەکی کشانەوەی لە فراکسۆنی یەکێتی و سەربەخۆ بوونی، ناوبراو گوتی: "گەیشتمە ئەو بڕوایەی نابێت چیتر چاوەڕوانی بەڵێنە بریقەدارەکان بین کە بە قسە هەن و بە کردار نین، نە سەر بەم بەرە و نە سەر بەو بەرەم، تەنها سەر بە ویژدان و دەنگی خەڵک و ئەم هەرێمی کوردستانەم."
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی نیشتیمان ناوپردانی:
لە نێوان ویژدان و بندیواری سیاسیدا؛ بۆچی گەڕامەوە پەرلەمان؟
ئەمڕۆ زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسان و دۆستانم داوای ڕونکردنەوەیان دەکرد و بەباشم زانی لێرداوە وەڵامی سەجەم پرسیارەکان بدەمەوە.
بەندە ئەمڕۆ چوومە پەرلەمان، زۆر کەس پرسی، هەندێکیش بە پەلە حوکمیان دا و ناوی "خۆفرۆش"یان بەکارهێنا.
با بە عەقڵانە و دوور لە سۆزی سیاسی و گەمەکردن قسە بکەین، چونکە بابەتەکە لە بەندە گەورەترە، بابەتەکە قەوارەی هەرێمە.
یەکەم: پرسیارە بنەڕەتییەکە چییە؟
پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا من بچمە پەرلەمان یان نا، بەچون و نەچونم پرسێکی زۆر گەورە دروست دەکات نا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەبێت قەوارەی هەرێم بکەینە بارمتەی ململانێیەکی سیاسی کە دوو ساڵە هیچ ئەنجامێکی نەبووە جگە لەوەی پەرلەمانتار لە ماڵەوە دانیشێت و مووچە وەربگرێت؟
من دەنگم بۆ ئەوە وەرنەگرتووە لە ماڵەوە دانیشم، دەنگم بۆ ئەوە بەدەستهێناوە خزمەت بکەم، ئەگەر خزمەت نەکەم، ئەوا من خۆم خیانەتم لە دەنگی ئێوە کردووە و ئایە بەس بەناو پەرلەمانتاربم؟ لێتان ناشارمەوە پەرلەمان ساڵێکی تر کارا نەکرایەتەوە دەستم لەپەرلەمانتاری دەکێشایەوە، بەندە مرۆڤێکی عەجولی خزمەتکاری خەڵکم دانیشتن لەماڵەوە بۆ ئێمەو بەناماڵەکەمان نەکراوە.
دووەم: مەترسییەکە لە کوێدایە؟
با ڕوون بین. بەغدا چاوەڕێی ئەو ساتەیە ئێمە خۆمان بڵێین ئێمە ناتوانین خۆمان بەڕێوەببەین. پەرلەمانێکی داخراو، دامەزراوەیەکی پەکخراو، باشترین پاساوە بۆ ئەوەی قەوارەکەمان لاواز بکەن.
من کچی شەهیدێکی گەورەی کوردستانم، باوکم و کەسوکارم خوێنیان بۆ ئەم قەوارەیە داوە، نەک بۆ ئەوەی من بە دەستی خۆم بیانوو بدەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێت هەڵیبوەشێننەوە. پاراستنی قەوارەی هەرێم بۆ منێکی کچە شەهید لە هەموو موزایەدەیەکی سیاسی پیرۆزترە، ئەگەر ئەمەم نەکردبا، ئەوا خوێنی باوکم بە فیڕۆ دەچوو، لەو دنیادا پرسیاریکردبا ئایە چیتکرد تا خوێنی ئێمە بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیەو مافەکانی کورد بپارێزی، بمگوتایە دوو ساڵ لەماڵەوە دانیشتم؟! یان چوار ساڵ لەماڵەوە موچەم وەرگرتوو هیچ چالاکییەکم نەبوو؟
سێیەم: بۆچی وەک سەربەخۆم؟
من وێڕای سەدان گلەیی و گازندە کە هاوڕێیانی پێشووم خۆیان باشتر دەزانن و لێرەدا نایکەمە داستان، گەیشتمە ئەو بڕوایەی نابێت چیتر چاوەڕوانی بەڵێنە بریقەدارەکان بین کە بە قسە هەن و بە کردار نین.
بۆیە بڕیارمدا لەمڕۆوە وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بم. نە سەر بەم بەرە و نە سەر بەو بەرەم، تەنها سەر بە ویژدان و دەنگی خەڵک و ئەم هەرێمی کوردستانەم، ئەگەر ئەمە هەڵبژاردنی ویژدانبێت؟ لە نێوان ویژدان و یارییە سیاسییەکاندا، من یارییەکانم هەڵنەبژارد و بەمەش ئاسودەم.
لە کۆتاییدا ئەوەی پێویستە داوای لێبوردنی لەسەر بکەم ئەوەیە:
داوای لێبوردن لە دەنگدەرەکانم دەکەم کە دوو ساڵە بەهۆی بڕیارە سیاسییەکانەوە هیچ چالاکییەکم نەبووە، نە بەیاسایەکی شایستە نەبەکارێکی باش لەپەرلەمان بۆیان، هەرچەند بەهۆی پەیوەندییەکانمەوە خزمەتی دەیان و سەدان کەسمکردووە لەدەرەوەی پەرلەمان کە ئەمە بەکەس نافرۆشمەوە و ئەرکم بووە، بەڵام لە ئەمڕۆوە من لە پەرلەمانم، بۆ ئێوە، بۆ مافە ڕەواکانتان.
نیشتیمان ناوپردانی
ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی کوردستان