پۆلیسی هەولێر سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت پێشکەشکارانی پەخشی ڕاستەوخۆ (لایڤ) ئاگادار دەکاتەوە کە لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەبنەوە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بۆ هاووڵاتییان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم بڕیارە نوێیەی بڵاو کردەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، لەمەودوا بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووکایەتیکردن بە یەکدی و بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەڕۆکی نەگونجاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قەدەغەیە.

 

پۆلیسی هەولێر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕەفتارانە دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین گرفت و تاوان، بۆیە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

 

هاوکات ئەو کەسانەی لە سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا (بەتایبەت تیکتۆک) پەخشی ڕاستەوخۆ (لایڤ) دەکەن، پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەردانی پۆلیسی هەولێر بکەن بۆ دروستکردنی دۆسیەی تایبەت، پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەکان.

 

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی دەرکەوتنی چەندین دیاردەی نەخوازراو و بەکارهێنانی وتەی نەشیاو لە پەخشی ڕاستەوخۆی سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا، ناڕەزایەتییەکی زۆری کۆمەڵایەتی لە نێو هاووڵاتییاندا دروست بووبوو.