لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان، داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ دابینکردنی بڕی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی بۆ خێزانەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند: "بە نووسراوی فەرمی داوامان لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کردووە نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان بە نرخی فەرمی عێراق دابین بکرێت، چونکە وەرزێکی سەرمای زۆر بەتایبەتی بەرەو ناوچە شاخاوییەکان ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات." دەبێت بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان 200 لیتر نەوتی سپی دابین بکرێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ نووسراوەکە ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت وەڵامیان بدەنەوە و سەردانیان بکەن.
حکومەتی عێراق ساڵانە لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتەوە بڕێک لە نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات.
لەبارەی بڕی پێویستی نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی هەرێم، سروە محەممەد ئاشکرای کرد:
-پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: داوای دابینکردنی بڕی 110 ملیۆن لیتر کراوە.
-پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک: داوای دابینکردنی بڕی 140 ملیۆن لیتر کراوە.
کۆی گشتی: داوای 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دەکرێت کە هاوتا لەگەڵ پێویستیی ساڵانەی سەرجەم خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە.
لە ماوەکانی ڕابردوودا باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق بڕیاریدا بڕی 1 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ ناوچەی باڵەکایەتی (چۆمان و حاجی ئۆمەران) دابین بکات.
لە ئێستادا نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە 325 هەزار دینار.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، ناوچەی باڵەکایەتی جگە لەو بڕەی پێشووتر بۆیان دیاری کراوە، لەم بەشە نەوتەش 200 لیتری دیکەیان پێ دەدرێت، کە بە کۆی گشتی دەکاتە 400 لیتر بۆ هەر خێزانێک.
لە 13ـی 10ـی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی بۆ وەرزی (2025–2026) لە ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەست پێکردبوو، تاوەکو ئەو قۆناغەش زیاتر لە 67 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 337 هەزار خێزاندا دابەش کرابوو.