عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە بەغدا پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا کرد و پرسی مووچه و نهوت تاوتوێ كرا.
ئهمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، دیدارەکە ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی 3ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوە چوو و تێیدا پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 تاوتوێ کران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتەکەی بە تەواوی پەرۆشە بۆ دەستەبەرکردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق.
زەیدی سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی کابینەکەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ تێپەڕاندنی قهیرانهكان، بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ داوای لە پەرلەمانتاران کرد ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریی خۆیان لە پەسەندکردنی یاسا بنەڕەتییەکاندا بگێڕن بۆ داڕشتنی پێناسەیەکی ئابووریی ڕوون.
پەرلەمانتارانی پارتی داوایان کرد پرسی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە نێو پڕۆژەیاسای بودجەدا لە خەرجییەکانی تر جیا بکرێتەوە تاکوو لە کێشە سیاسییەکان بەدوور بێت.
هاوکات پرسی گرێبەستەکان، هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و مافەکانی مادەی 140ـی وەکوو بەشێکی تر لە داواکارییەکانی دەستەی پەرلەمانی پارتی خرانە بەرباس.
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری دەستەی پارتی ئاشکرای کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە ناردنی مووچە بەردەوام بێت و نەوتی سپیی پێویستیش بۆ ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان دابین بکات.
شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە ماوەی 1 بۆ 2 هەفتەی داهاتوودا دەگاتە پەرلەمان و کورد سەرجەم سهرنج و داواکارییەکانی بە سەرۆکوەزیران گەیاندووە.
ئەم لێکتێگەیشتنانە لە کاتێکدان کە بەغدا بەردەوامی خەرجکردنی مووچەی بەستووەتەوە بە ڕادەستکردنی 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و تەواوی داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.