بۆیەکەمجار دوای دەیان ساڵ لە هاوکاری ملیارەها دۆلاری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، ترەمپ بڕیاری وەستاندنی دەدات و لەسەر ئەم پرسەش ڕەخنە لە دیموکراتەکان دەگرێت.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕێککەوتووە تا لە کۆتایی 2026 واشنتن بڕی 4 ملیار دۆلاری هاوکاری دارایی بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت، جەختیشی کردەوە کە هەندێک لە دیموکرات و سیاسەتمەدارە چەپڕەوەکان یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل وەک چەکی ڕەخنە لە دژی کۆمارییەکان بەکاردەهێنن.
بەگوتەی سەرۆکی ئەمریکا، هۆکاری وەستاندنی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وڵاتەکە چیتر پێویستی پێی نییە، "ئەوان (ئیسرائیل) وەک ئەوروپا هەرچییان بوێت دەتوانن بیكڕن، ئێمەش باشترین چەکی جیهان بەرهەم دەهێنین."
تا ئێستا ڕوون نییە ترەمپ بەدیاریکراوی مەبەستی لە کام هاوکاری دارایی بووە، بەڵام وادەی یاداشتێكی لێکتێگەیشتن کە تێیدا ئەمریکا ساڵانە بە بڕی 3.8 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرئیل دەنێرێت، لە ساڵی 2028 بەسەر دەچێت و لە ئێستادا مشتومڕ لەسەر چۆنییەتی بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دوای ئەم وادەیە دەکرێت.
لەبارەی ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا، ئۆفیسی نەتەنیاهو هیچ پەیامێکی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە مانگی 5ـی ئەمساڵ نەتەنیاهو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵ سی بی ئێس نیوز، هیوای خواست لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو بتوانێت ئیسرائیل لە ژێر ناچاری هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەربهێنێت، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا نووسی: "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل لە وەرگری یارمەتییەوە ببێتە هاوبەشێکی ئەمریکا."
بەهۆی هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، لایەنگرانی ئیسرائیل لە نێو دیموکراتەکان بەشێوەکی بەرچاو کەمیان کردووە، ئەو کاندیدانەی ڕەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرن هەڵبژاردنی 'دیاریکردنی کاندیدەکان' بۆ هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس دەبەنەوە، تەنانەت ئەو یاسادانەرانەی کە نێوانڕەون، نیازییان هەیە دژی هاوکاری دەیان ساڵەی ئەمریکا بۆ ئیسرایل بووەستنەوە.
ڕاپرسییەکی 'زانکۆی کوینییپییاک' دەریخستووە، 48%ـی دەنگدەران و 66%ـی دیموکراتەکان بڕوایان وایە ئەمریکا زیاد لە پێویست یارمەتیدەری ئیسرائیلە.