شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ دەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکان و پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی.

بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ دەبنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێم لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەدا.

جووتیار خدر، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، جگە لە پرسی بودجە، داوای زیادکردنی پشکی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی دەکەن، هاوکات پێداگری لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکان و دیاریکردنی پشکی بودجە بەپێی ئەنجامی سەرژمێری دەکەنەوە.

ئەم پەیامە پێش کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دێت بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 کە بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەکرێت لە 17ی ئەم مانگەدا ڕەشنووسی یاساکە لە حکومەتەوە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی، ئەمەش وا دەکات لایەنە کوردییەکان پێشوەختە هەوڵی جێگیرکردنی مافەکانیان لە دەقەکەدا بدەن.