بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە کاریگەریی ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەسەر بازاڕ و گرانیی شتومەک.
ئەمڕۆ سەروەر کەمال هاوار، بریکاری وەزارەتی بازرگانی بۆ کاروباری بازرگانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، دۆخی بازاڕیان ئاڵۆز کردووە و بوونەتە هۆی گرانبوونی کاڵاکان.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای کرد، لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەگەڵ بازرگانان و خاوەن کۆگاکان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێنمایی پێویستیان پێبدرێت تاوەکو نرخەکان بەرز نەکەنەوە، بەڵام بەشێک لە هۆکارەکان پەیوەستن بە کێشەی جیهانی و گرانبوونی کەرەستەی خاو لە وڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکانی سەروەر کەمال، تێچووی گواستنەوەی نێودەوڵەتی و نرخی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی بیمە بۆ دڵنیادان لە سەلامەتیی بارەکان زیادیان کردووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر کۆی تێچووی بەرهەمەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت ئەورووپاش لە ئاستێکی باشتردایە، هەرچەندە بڕیاردان لەسەر سیاسەتی نەختینەیی و بەهای فەرمیی دراو لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندیی عێراقدایە، بەڵام تیمەکانی چاودێری لە شارەکان بەردەوامن و توانیویانە نرخی 7 کاڵای بنەڕەتیی ڕۆژانە تا ڕادەیەکی باش جێگیر بکەن.
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام ڕووبەڕووی شەپۆلی هەڵاوسان بوونەتەوە بەهۆی ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ئەم دۆخەش پشتبەستنی گەورەی بازاڕ بە کاڵای هاوردەکراو و پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی نرخەکانی زیاتر دەرخستووە.