بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و بەدەستهێنانی نیسابی یاسایی، پارتی وەک گەورەترین فراکسیۆن داوای ئامادەبوونی فەرمیی گشت لایەنەکان دەکات.
بڕیارە سبەی چوارشەممە 4-11-2026، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم بەڕێوە بچێت.
لەم چوارچێوەیەدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین فراکسیۆن، داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردووە کە سبەی لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن. هەروەها هەریەک لە حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، فراکسیۆنی کریستیانەکان و فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان داوای دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە.
لای خۆیەوە، محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، خۆی سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی سبەی ناکات؛ بەڵام چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ئامادەی خۆی بۆ بانگهێشتکردنی لایەنەکان دەربڕی بوو بە مەرجێک ئەگەر گەورەترین فراکسیۆنەکان بەشداری بکەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا، نەخشەی سیاسی بەم شێوەیەیە:
لایەنە بەشداربووەکان: پارتی، تورکمانەکان، کریستیانەکان، بەرەی گەل، سۆسیال دیموکرات.
لایەنە بەشدارنەبووەکان: فراکسیۆنی یەکێتی، نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست. هاوکات بزووتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنی یەکگرتوو تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە.
لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، لە کۆی 100 کورسی (بە 5 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانەوە)، پارتی بە 39 کورسی گەورەترین فراکسیۆنە، لە دوای ئەویش یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسییان بەدەست هێناوە.
لە دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ئێستا 97 کەس سوێندیان خواردووە و 3 کەسیش سوێندیان نەخواردووە (کە پێکهاتوون لە لاهور تاڵەبانی و 2 کورسییەکەی کۆمەڵی دادگەری).
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لە حزبەکانیان جیا بوونەتەوە و بە سەربەخۆ ماونەتەوە، لەوانە هێرۆ عەتار (کۆمەڵ)، محەممەد فەیسەڵ و هەردی سەلاح (یەکێتی)، بەدەل بەرواری، سارا موحسین و سازگار فەرقی (هەڵوێست)، لەگەڵ 5 تا 7 پەرلەمانتاری نەوەی نوێ.