کەسێک لە قەزای کەلار کە پێشتر وەک کەسایەتییەکی ئاینی و قورئانخوێن ناسراوە و لە مزگەوت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوتووە، بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

سۆران محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی (2) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگەیەندراوە و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پایتەخت میدیا کەوتوون، دەستبەسەر مۆبایلی تۆمەتبارەکەدا گیراوە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان جەختیشی کردەوە، تاوەکو کۆتاییهاتنی تەواوی لێکۆڵینەوەکان، بەپێی یاسا ناسنامەی هیچ کەسێک ئاشکرا ناکرێت.

سەرچاوەیەکیش بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، کە هۆکاری دەستگیرکردنی ناوبراو بۆ بوونی 400 وێنەی تایبەتی ئافرەتان لەناو مۆبایلەکەیدا دەگەڕێتەوە.