لە سبەینێوە بەشی دووەمی پێدانی قەرز و پێشینە ئەلیکترۆنییەکانی بانکی ڕافیدەین دەست پێدەکات و داواکاریی نوێ وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بانکی ڕافیدەین تەواوبوونی پڕۆسەی دابەشکردن و پێدانی بەشی یەکەمی پێشینە ئەلکترۆنییەکانی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی سەرجەم ڕێکارە کارگێڕییەکانی تایبەت بە داواکارییەکان جێبەجێ کران.
بانکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، بە مەبەستی ڕێگەدان بە بەشداربووانی نوێ، سبەی کاتژمێر 8:00ی بەیانی، بەستەری تایبەت بە پێشکەشکردن بۆ بەشی دووەمی پێشینە ئەلکترۆنییەکان چالاک دەکرێت و دەست بە وەرگرتنی داواکاریی هاووڵاتییان دەکەن.
ئەم هەنگاوەی بانکی ڕافیدەین لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە بۆ ئاسانکاریکردنی پرۆسەی پێدانی قەرز و پێشینە داراییەکان بە شێوازی ئەلکترۆنی بۆ توێژی فەرمانبەران و خانەنشینان لە سەرانسەری عێراقدا.