هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمەتبارێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان دەستگیرکرد، بە تۆمەتی خنکانی سێ منداڵی خێزانێکی کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکاندا.

 
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێکی تۆکمەدا قاچاخچییەکیان بە ناوی (ڕ. ئـ. م) دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ببووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ منداڵی خێزانێکی خەڵکی شاری سلێمانی لە ڕووباری مەریچی وڵاتی تورکیا.

 
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، خێزانەکە لە پێنج کەس پێکهاتبوون و بە مەبەستی گەیشتن بە ئەڵمانیا، لە ڕێگەی ئیستەنبووڵەوە بەرەو شاری ئەدیرنە لەسەر سنووری یۆنان ڕۆیشتبوون، بەڵام لە کاتی بەکارهێنانی بەلەمی لاستیکیدا بەلەمەکەیان نقوم بوو و سێ منداڵ بە ناوەکانی هەستیار (تەمەن 12 ساڵ)، هەریاد (تەمەن 9 ساڵ) و میلا (تەمەن 5 ساڵ) لەبەرچاوی دایک و باوکیان گیانیان لەدەستدا.

 
ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کرد، دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و بەدواداچوونی ورد، ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا کراوە و لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستبەسەر کراوە. لەو ڕووداوەدا تەنیا دایک و باوکی منداڵەکان بە زیندوویی ڕزگاریان بوو، لە کاتێکدا تۆمەتبارەکە بە هۆکاری سەرەکیی خستنە مەترسیی ژیانیان و بەکارهێنانی کەرەستەی نایاسایی و نائارام دادەنرێت.

 
ڕووباری مەریچ، لەسەر سنووری نێوان تورکیا و یۆنان، بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگەکانی کۆچی نایاسایی بۆ ئەورووپا دادەنرێت و ساڵانە بەهۆی خراپیی بەلەمەکانەوە دەیان کۆچبەر تێیدا دەخنکێن. تۆڕەکانی قاچاخچێتی بەردەوام ئەم ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی نایاسایی بەکار دێنن، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان لەسەر مەترسییەکانی.