یەکە ژمێریارییەکانی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکرێنەوە، کە دەتوانن ڕاستەوخۆ دەست بە ئامادەکردنی خشتەی مووچەی مانگی 11 لەسەر سیستەمی ناوەندی بکەن.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سیستەمی ناوەندیی مووچە (پەیڕۆڵ) بۆ ئامادەکردنی خشتەی مووچەی مانگی 11ـی ساڵی 2026 بە فەرمی کارا کراوە و لە ئێستادا بەڕووی یەکە ژمێریارییەکاندا کراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی، ئاگاداری سەرجەم یەکە ژمێریارییەکان لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کراوەتەوە، کە دەتوانن ڕاستەوخۆ دەست بکەن بە ئامادەکردن و دروستکردنی خشتەی مووچەی مانگی 11 لەسەر سیستەمی ناوەندیی مووچە، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی ڕێکارە داراییەکان و ئامادەکاری بۆ خەرجکردنی.
دوێنێ دووشەممە 2ـی 11ـی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای راگەیاندبوو، کە ئەمڕۆ مووچەی مانگی 10 ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
سیستەمی ناوەندیی پەیڕۆڵ، پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی وەزارەتی داراییە بۆ تۆمارکردن، ڕێکخستن و هەژمارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان.