بڕیارە سبەی لاهور تاڵەبانی و 21 تۆمەتباری دیکە بە ماددەی 406 لە دادگەی تاوانەکانی دووی سلێمانی دادگایی بکرێن، لە کاتێکدا پارێزەرانی داوای دواخستنی دەکەن.
ئەمڕۆ دانا تەقییەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند: "بڕیارە سبەی لاهور تاڵەبانی و 21 تۆمەتباری دیکە لە دادگەی تاوانەکانی دووی سلێمانی دادگەیی بکرێن، بەڵام بە دوو هۆکاری سەرەکی داوامان بەرزکردووەتەوە تاوەکو دادگاییکردنەکە بەڕێوە نەچێت و دادگاش بەیانی بڕیار دەدات دانیشتنەکە بەڕێوە بچێت یاخود نا."
سبەی یەکەم دانیشتنی دادگا لە دۆسیەیەکی نوێ لالەزاردا بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە 'کوشتنی بەئەنقەست' بەڕێوە بچێت، کە تێیدا 64 کەس سکاڵایان دژی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی تۆمار کردووە؛ لەوانە بەشێکیان کەسوکاری کوژراوەکانی شەوەکەی لالەزارن.
ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969) یەکێکە لە توندترین ماددە یاساییەکان و سەختترین سزای تێیدا کە لەسێدارەدانە.
دەربارەی هۆکارەکان، دانا تەقییەدین ڕوونیکردەوە:
-هۆکاری یەکەم: دۆسیەکە لە 989 لاپەڕە پێکهاتووە و بەهۆی زۆریی لاپەڕەکانەوە کاتی پێویستمان نەبووە بە تەواوی خوێندنەوەی بۆ بڕەخسێنین.
-هۆکاری دووەم: ڕێگەیان نەداوە گیراوەکان ببینین؛ چونکە بەپێی یاسا دەبێت ئەم دەستبەسەرکراوانە لە بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوە بن نەک لە ئاسایشی سلێمانی، ئێمەش نەمانتوانیوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و بیابینین.
گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەمڕۆ لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی چاویان بە لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی کەوتووە و ورەیان زۆر بەرز بووە.
لە کۆی 25 دەستبەسەرکراوی ڕووداوەکانی لالەزار، 19یان لە ئاسایشی گشتیی سلێمانی دەستبەسەرن و لاهور تاڵەبانی و 5 سزادراوی دیکەش لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەستبەسەرکراون.
لە ڕۆژی 15ـی 10ـی 2026، دادگای سلێمانی لە هەشتەمین دانیشتنی خۆیدا بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری سزادانی بۆ 10 دەستبەسەرکراوی دۆسیەی لالەزار دەرکرد و دوو کەسیشی ئازاد کرد؛ کە تێیدا لاهور تاڵەبانی بە 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن، پۆڵاد تاڵەبانی بە 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن سزادراون.
بەپێی گوتەکانی گوتەبێژی تیمی پارێزەران، لاهور تاڵەبانی سەبارەت بە سزادانی بە 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن ڕایگەیاندووە: "ئەمە سزایەکی نادادپەروەرانە و نایاساییە، سەبارەت بە دانیشتنەکەی سبەینێش سیناریۆیەکی دیکە وەکو سیناریۆکەی پێشووتر ئامادە دەکەن و دادگا بە نادادپەروەری بڕیار دەدات."
لە ڕۆژی هەینی 22ـی 8ـی 2025 هێزێکی ئەمنیی کە پێکهاتبوو لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی لاهور تاڵەبانی هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار و پاش شەڕ و پێکدادانێکی 3 کاتژمێری، لاهور تاڵەبانی خۆی بەدەستەوە دا.
لە پێکدادانەکەدا بە فەرمی گیان لەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە ڕاگەیەندرا.