سەرۆکی حزبی لیکۆد داوای لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کرد حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانیی فراوان پێکبهێنن و لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان دوور ببنەوە.
ئەمڕۆ میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکی حزبی لیکۆد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوای لە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی کرد بەبێ بەشداریی پارتە عەرەبییەکان، بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەرفراوان.
نەتانیاهۆ، لە بڵاوکراوەکەیدا ڕوونی کردەوە، کۆمەڵگەی ئیسرائیلی خوازیاری کابینەیەک نییە پشتی بە لیستی هاوبەشی عەرەبی یان حزبی ڕەعەم بەستبێت، بەو پێیەی ئەو پارتانە بە هاندانی توندوتیژی و دانپێدانەنانی دەوڵەت تۆمەتبار دەکرێن.
سەرۆکی حزبی لیکۆد جەختی کردەوە، حزبی لیکۆد زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە و دەستی هاوکاری بۆ هەر لایەنێک درێژ دەکات کە ئامادەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بێت بەبێ پشتیوانیکردنی توندوتیژی.
لە هەڵبژاردنەکانی 27ـی ئۆکتۆبەری کەنێستدا، بەرەی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی حزبی لیکۆد توانی 53 کورسی بەدەستبهێنێت، بەرامبەر 48 کورسی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتیی گادی ئایزنکۆت، هاوکات هەردوو حزبی عەرەبی 19 کورسییان بردەوە و بوونە هێزێکی یەکلاکەرەوە، لە کاتێکدا هیچ کام لە دوو بەرە سەرەکییەکە نەیانتوانی بەربەستی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت ببڕن کە 61 کورسییە لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمان.
سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆکی حزبی لیکۆد، ئەڤیگدۆر لیبەرمان سەرۆکی حزبی ئیسرائیل بەیتەنوو پشتیوانیی خۆی بۆ ئایزنکۆت دەربڕی و بەشداری لە کابینەیەکی بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆ ڕەت کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە یوسف جەبارین، سەرۆکی لیستی هاوبەشی عەرەبی ئامادەیی خۆی نیشان دا لە دەرەوەی هاوپەیمانێتیی دەسەڵات پشتگیری لە کابینەیەکی ئۆپۆزسیۆن بکات بە مەبەستی دوورخستنەوەی نەتانیاهۆ لە دەسەڵات، بەڵام بەشداریی ڕاستەوخۆی لە دەسەڵاتدا بەستەوە بە کۆتاییهاتنی داگیرکاری لە ناوچە فەلەستینییەکان.
ئەم هەڵوێستانە ئۆپۆزسیۆنی خستووەتە بەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆز، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەردەوامیی دەسەڵاتی نەتانیاهۆ و هەروەها نزیکیی دیدگای بەشێک لە پارتە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتداری ئێستا، بڕیارە ڕۆژی 4ـی نۆڤەمبەر ئەنجامە فەرمییەکان ڕادەستی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی دەوڵەت بکرێن تاوەکو دەست بە ڕاوێژکارییەکان بکات بۆ دیاریکردنی کەسی شیاو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.