سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان داوا لە سەرجەم پەرلەمانتاران دەکات، ڕۆژی چوارشەممە، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن.
ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی نووسراوێکەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەرلەمان و لێژنەکانەوە ئاراستەی پەرلەمانتاران کراوە، بانگهێشتی فەرمیی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کرد بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنێکدا.
سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی بانگهێشتنامەکە بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی پایزەی ساڵی یەکەم، لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
لە نووسراوەکەی دیوانی پەرلەماندا جەخت کراوەتەوە، دانیشتنەکە لە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتی 4ی 11ی 2026 بەڕێوە دەچێت و داواش لە ئەندامان کراوە لە کاتی دیاریکراودا لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر بنەمای بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم، یاسای هەڵبژاردن و داواکاری سەرۆکی تەمەن، داوای لە گشت پەرلەمانتاران کرد، لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم.
هەر یەک لە حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، فراکسیۆنی کریستیانەکان و فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان بەست و پشتیوانیی خۆیان بۆ بەستنی کۆبوونەوەکە دەربڕی.