سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بانگەوازێک ئاڕاستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات، بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم.
ئەمڕۆ ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد و داوا دەکات، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتی 4ـی 11ـی 2026، کاتژمێر 11:00ـی بەیانی، لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاریی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم.
ڤاڵا فەرید ئاماژەی بەوە دا، بانگەوازەکە لەسەر بنەمای بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ماددەکانی 46، 47 و 48ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو، هەروەها ماددەکانی 11 و 14ی پەیڕەوی ناوخۆ و داواکاریی فەرمی سەرۆکی تەمەن لە سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بە نووسراوی ڕێککەوتی 9ـی 12ـی 2024 ئەنجام دراوە، کە تیایدا داوا کرابوو هەموو ڕۆژێک کاتژمێر 11:00 زەنگی تەواوکرای دانیشتنی یەکەم لێ بدرێت.
ڤاڵا فەرید ئەوەشی خستەڕوو، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، تاوەکو ئێستا پەرلەمان ناتوانێت بە ئەرکە یاساییەکەی هەڵبستێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە تەواوی ئەرک و ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولەکە کە لە 2ـی 12ـی 2024 بەستراوە، بەپێی یاسا بەرکارەکان تەواو نەکراون.
هاوکات لەگەڵ ئەم داواکارییەدا، هەر یەک لە حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، فراکسیۆنی کریستیانەکان و فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان بەست و داوایان لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد کە ڕۆژی چوارشەممە لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم.