لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی چەکداریی نێوان دوو بنەماڵە، کچێکی تەمەن 16 ساڵان و کەسێکی تر بریندار بوون و 7 تۆمەتباریش دەستبەسەر کران.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ ڕایگەیاند، کاتژمێر 5ـی ئێوارە دوای ئاگادارکردنەوەیان لە هەڵگیرسانی شەڕێک لە ناوەندی شارەدێی گردەسێن، دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکانی پۆلیس، شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لەنێوان دوو لایەندا ڕووی داوە کە خزم و کەسوکاری یەکترن.
پۆلیسی ئاکرێ ئاشكرای كرد، كه لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا دوو کەس بریندار بوون کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 16 ساڵانە و هیچ پێوەندییەکی بە شەڕەکەوە نەبووە، لەگەڵ برینداربوونی کەسێکی تر لە بەشداربووانی شەڕەکە.
هاوکات بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ و بەپێی ماددەی 406/31ـی یاسای سزادان، 7 تۆمەتبار دەستبەسەر کران و فەرمانی گرتن بۆ چەند تۆمەتبارێکی تریش دەرچووە و ئێستا ڕەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.