بۆیەکەمجار ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس دا و لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدات، هیچ پڕۆژەیاسایەکی دیموکراتەکان جێبەجێ نەکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لە پۆدکاستی نیویۆرک پۆست هۆشداری دا لەوەی ئەگەر پارتی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی وڵاتەکە دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنن، ئەو دەبێت بە "بەڕێز ڤیتۆ" و سەرجەم ئەو پڕۆژەیاسایانە ڤیتۆ دەکات کە پێشکەشی دەکەن.

ترەمپ گوتی: "دەبمە بەڕێز ڤیتۆ و لەوانەیە دواتریش ڕێککەوتنیان (دیموکراتەکان) لەگەڵ بکەم، ئەوان پڕۆژەیاسامان بۆ دەنێرن منیش ڤیتۆیان دەکەم، دوای مانگێک یان دوو مانگ لە ڤیتۆکردنی هەموو پڕۆژەیاساکانیان، درک بەوە دەکەن کە تەنیا کات بەفیڕۆ دەدەن، بۆیە دێن و لەگەڵم ڕێکدەکەون."

ئەمە یەکەمجارە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بە ئەگەری سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردن بکات. ناوبراو ماوەیەکە بۆ کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی ئەو ویلایەتانە دەکات کە زۆرینەی دانیشتووانەکانیان دەنگ بە کۆمارییەکان دەدەن، بەڵام ئەمجارە بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و جەنگی ئێران، پارتەکەی ڕووبەڕووی بەرەنگارییەکی سەخت بووەتەوە.

زۆربەی ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە دیموکراتەکان دەرفەتێکی باشیان لەبەردەمدایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو سێ کورسییەی کە پێویستیانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمە جگە لەوەی دیموکراتەکان بەرامبەر بە ئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسی ئەنجوومەنی پیران گەشبینن. لەبەرامبەر ئەم ڕاپرسیانەدا ترەمپ دەڵێت: "ئەمریکا خاوەنی باشترین ئابوورییە لە مێژوودا، بۆیە ڕاپرسییەکان ڕەنگدانەوەی پشتگیریی ڕاستەقینەی کۆمارییەکان نین."

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بە خۆشحاڵییەوە خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرێتەوە ئەگەر دەرفەتی هەبێت، بەڵام دەستووری ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر ڕوونە،  قەدەغەکراوە هەمان کەس دووجار خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژێرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، سبەی سێشەممە 3-11-2026 ئەمریکییەکان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ دەدەن. لە ئێستادا ترەمپ لە نیوەدووەمی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دایە و پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان خۆیان بۆ ململانێیەکی سیاسی گرینگ بۆ داهاتوو ئامادە دەکەن.