وەزیری دەوڵەت ئاماژە بە جیاکاریی پۆستەکەی لەلایەن خەڵک و بەرپرسانی کەرکووک دەکات: "لە کاتی میواندانیدا دەڵێن وەزیرە، بەڵام لە کاتی قەیرانەکان بەرپرسیارێتیی پارێزگارم دەخەنە سەرشان".

 

محەممەد سەمعان، وەزیری دەوڵەت لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی شارەکەی داوە و ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی و گرانبوونی نرخی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە، هەروەها ئامانج لە هەڵگیرسانی ئەم قەیرانە سیاسی و بەئامانجگرتنی پارێزگارە تورکمانەکەیە.

 

محەمەد سەمعان ئاماژەی بەوە داوە، هەرچەندە لە کاتی میواندارییەکاندا هەندێک لایەن باس لەوە دەکەن کە ئەو وەزیرە نەک پارێزگار، بەڵام لە کاتی قەیرانەکاندا هەمووان ڕوو لەو دەکەن بۆ چارەسەرکردن. لە بەراوردکارییەکدا سەبارەت به نرخی سووتەمەنی.

 

وەزیری دەوڵەت باسی لەوە کرد، نرخی بەرمیلێک گازۆیل لە سەردەمی ڕاکان جبووری بە 50 هەزار دینار و لە سەردەمی ڕێبوار تەها بە 117 هەزار دینار بووە، کەچی ئێستا بەهۆی قەیرانی ناوچەکەوە بۆتە 260 هەزار دینار،  ئەگەر وەک سەردەمی پێشوو گازۆیل بەخۆڕایی یاخود بە پاڵپشتی دابەش کرابایە، ئێستا نرخی ئەمپێر لە 3 هەزار دیناردا دەمایەوە.

 

سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانیش، محەمەد سەمعان ناڕەزایەتی دەربڕینی بە مافێکی ڕەوا ناودەبات، بە مەرجێک زیان بە موڵکی گشتی و تایبەت یان هێزە ئەمنییەکان نەگەیەنێت، دووپاتی کردەوە کە کێشەکە لە ناتەواویی پشکی سووتەمەنی و کارەبادایە و سەرچاوەکەی لە ئیدارەی خۆجێیی شارەکەوە نییە.

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەوڵەت ئەوەشی خستەڕوو، دەنگی هاووڵاتییان گەیشتووەتە سەرۆکی حکومەت و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لێژنەیەک سەردانی کەرکووک بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی، هاوکات دۆسیەی نرخی مۆلیدەکان و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی دەکرێت.

 

محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، لە ڕێککەوتی 16ـى 4ـی 2026 لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە بە پارێزگاری شارەکە هەڵبژێردرا و شوێنی ڕێبوار تەهای گرتەوە، پاشان لە ڕێککەوتی 15ـى 10ـی 2026 دوای بەدەستهێنانی متمانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی وەک وەزیری دوڵەت دەستبەکار بوو.