پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند کە ماوەی 6 ساڵ بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی ئافرەتەوە و لەژێر هەڕەشە و خەڵەتاندندا پارەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.

 

ئەمڕۆ عەقید سۆران مەحەممەد غەریب، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەک سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کرد و سکاڵای لەسەر کەسێکی نەناسراو تۆمار کرد کە لە ڕێگەی دوو ژمارە تەلەفۆنەوە پارەیەکی زۆری لێ سەندووە، دەستبەجێ بەدواداچوون دەستی پێکرد.

 

دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بە بڕیاری دادوەر، لە ڕێکەوتی 28ی 10ی 2026 تۆمەتبار (ئـ. ح. ڕ.) لە تەمەنی 45 ساڵیدا بەپێی ماددەی 452ی یاسای سزادان دەستگیر کرا و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە؛ هاوکات پۆلیس داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە بە هەمان شێواز فریودراون، سەردانی نەهێشتنی تاوان بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا.

 

تاوانەکانی هەڵخەڵەتاندن و هەڕەشەکردن لە ڕێگەی ئەکاونتی ساختەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی وەک تاوانی سەرانەسەندن و فێڵکردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و سزای قورسیان بۆ دیاری کراوە.