سایلۆی هەولێر دابەشکردنی پارەی چەکی گەنمی ساڵی 2016ـی جووتیاران ڕادەگەیەنێت و چەند مەرجێک بۆ وەرگرتنی چەکەکان دەستنیشان دەکات.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوا لەو جووتیارانە دەکات کە چەکی مافە دارایییەکانی گەنمی ساڵی 2016ـیان وەرنەگرتووە، ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 9ـی سەرلەبەیانی لە سایلۆی هەولێر ئامادەبن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکەکانیان.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە کە پێویستە خاوەنی چەک خۆی ئامادە بێت یان بریکارنامەی فەرمیی پەسندکراوی ساڵی 2026ـی پێ بێت؛ هەروەها لە ئەگەری کۆچی دواییی خاوەنی چەکەکەدا، پێویستە دابەشنامەی یاسایی یان شەرعی لەگەڵ بریکارنامەی سەرجەم میراتگران پێشکەش بکرێت.

 

شایستە دارایییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014 تا 2016 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دواخرابوون و لە چەند قۆناغێکدا بەشێکیان خەرج کراوە.