میدیاکارێکی ناسراوی ئەمریکی هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم دەدات، لەمبارەیەوە زانیاری نەبیستراوی لەسەر پلانەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی ئێران ئاشكرا کرد.
تەکەر کارلسن، میدیاکاری ناسراوی ئەمریکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، دەکرێت ئیدارەی حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا چەند ڕۆژێک لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی ئێرانەوە دوور بێت، ئەمەش لە ژێر فشاری ڕاستەوخۆی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
بەگوتەی تەکەر کارلسن، ئەمریکا دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بۆ بۆردوومانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ژێر 'چیای کلنگ' لە پارێزگای ئەسفەهان بەکار بهێنێت، چونکە هیچ چەکێکی ئاسایی جگە لە ئەتۆمی، ناتوانێت بگاتە تونێلەکانی ژێر چیایەکە کە نزیکەی 100 مەتر لە ژێر قووڵایی زەوییەوەن.
ئەم میدیاکارە ئەمریکییە ئاماژەی بە فشارەکانی نەتەنیاهو لەسەر ترەمپ کرد و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گوتی: "لەسەر پرسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی نەتەنیاهو هەموو ڕۆژێک پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکات." جەختیشی کردەوە کە مانەوەی کاروانی سیاسی نەتەنیاهو بە دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێرانەوە پەیوەستە، هاوکات پێویستی بە دەستوەردانی ترەمپە بۆ مسۆگەرکردنی 61 کورسی پەرلەمان هەیە تا بتوانێت حکومەت پێکنهێنێت، بەپێچەوانە دەکرێت دەسەڵات لەدەست بدات و تووشی لێکۆڵینەوە و تەنانەت زیندانیش ببێتەوە.
جگە لە فشارخستنە سەر ترەمپ، تەکەر کارلسن ئاشكرای کردووە کە نەتەنیاهو لە 27-9-2026 بە نهێنی گەشتی بۆ ئیماڕات کردووە تا بەرپرسانی وڵاتەکە بە دوایین هێرش بۆ سەر ئێران ڕازی بکات، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە پێشنیارەکەیان ڕەت کردووەتەوە.
لەبارەی لێکەوتەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەم میدیاکارە ئەمریکییە هۆشداری دا لەوەی هێرشەکە دەبێتە هۆی هەڵگیریسانی جەنگی جیهانی سێیەم، گرژی و ئاڵۆزی لەسەر پرسی ئەتۆمی لە نێوان پاکستان و هیندستان دروست دەکاتەوە، هاوکات هانی ڕووسیا و کۆریای باکوور دەدات چەکی ئەتۆمی لە دژی ئۆکرینا و کۆریای باشوور بەکاربهێنن.