دەسەڵاتدارانی باڵای ئێران ئامادەیی خۆیان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی دوو ڕۆژدا نیشاندا، بە مەرجێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەرجەکانی تاران بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان قبووڵ بکات.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز تەنها لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەگەر واشنتن وەڵامی داواکارییەکانی بداتەوە، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی ئەو مۆڵەتەی پێشتر لە چوارچێوەی پلانێکی 7 ڕۆژەدا دیاری کرابوو.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە، ئاڵوگۆڕی پەیام لە ڕێگەی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوامە و جێبەجێکردنی پلانەکە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بە تەواوی پەیوەستە بە قبووڵکردنی داواکارییەکانی ئێران لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە.
داواکارییەکانی تاران چەندین مەرجی سەرەکی لەخۆدەگرن، لەوانە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی لە دەرەوە، هەڵگرتنی سزاکان لەسەر کەرتی نەوت و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا، پێویستە واشنتن ڕەزامەندی لەسەر ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی دەرببڕێت کە لەنێوان تاران و عومان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاکانی ئەم دواییە.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە، تاران کۆنترۆڵی تەواوی ئەم گەرووە ستراتیژییەی کردووە و ڕێگری لە کەشتییە بێمۆڵەتەکان دەکات، لە بەرامبەردا واشنتن گەمارۆی دەریایی و ئابووریی توندی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە.
ئەم پێشنیازە نوێیەی ئێرانیش، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران لە پارێزگای ئەسفەهان، لە کاتێکدا تاران دووپاتی دەکاتەوە هەر جموجۆڵێکی سەربازی بە هێرشی بەرفراوان وەڵام دەدرێتەوە.
گەرووی هورمز، گرنگترین شاڕێی گواستنەوەی نەوت و وزەیە لە جیهاندا و نزیکەی پێنجیەکی نەوتی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، داخستن یاخود سنووردارکردنی هاتوچۆ لەم گەرووەدا هەمیشە دەبێتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی جیهان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی.