دوای ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحموود دەرکرد، ناوبراو هاتە دەنگ بڕیارەکە بە کارێکی "کۆنە جاشەکان" ناو دەبات.

 

ئەمڕۆ محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەوەی ئەو فەرمانەی دەركردووە ڕەنگە خۆی کۆنە جاش و کوڕی جاش بووبێت یان کۆنە ئیستخبارات بووبێت، ئەو بارەگایەی تەکیە هی حکومەتی عێراق بووە و لە ساڵی 91ـەوە حزبی سۆسیالیستی تێدایە.

 

سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کاتە هیچ خانوویەک لە تەکیە لەو ناوچەیە نەبوو، ئەو شوێنە چۆڵ بوو، تەنها خانوویەک بوو، دوور بوو لە هەموو ناوچەکە، ئەو خانووەی بارەگای ئەوانە هی سەردەمی بەعسە، کێ خۆی ڕادەگەیەنێت کە وارسی حکومەتی بەعسە، بابێت رادەستی بکەینەوە.

 

لای خۆیەوە، د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حزبی سۆسیال دیموکرات بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەو فەرمانەیان لە میدیاکانەوە بینیوە و بابەتەکە لەسەر بارەگای تەکیەیە کە لە ساڵی 1991 بە خوێن لە حزبی بەعس وەریان گرتووە، هەروەها هەرکەسێک خۆی بە میراتگری ڕژێمی بەعس دەزانێت مافی ئەوەی هەیە داوای ئەم بارەگایە بکاتەوە و ئەوان بە هیچ شێوەیەک پابەندی ئەو بڕیارە نابن.

 

ڕۆژی یەکشەممە 4ـی 10ـی 2026، دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بە تۆمەتی داگیرکردنی موڵکی دەوڵەت و لەسەر سکاڵای بنکەی پۆلیسی تەکیە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحموود دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ناوبراو گرنگی بە ئاگادارکردنەوەکانی دادگا نەدا و پشتگوێی خستووە.