فالح سەری، وەزیری دارایی عێراق فەرمانگەی ژمێریاری سەر بە وەزارەتەکەی ڕاسپارد بۆ ئەوەی دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ی هەرێم بکەن.
ئەمڕۆ شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، دوێنێ لە وڵاتی ئوردن بووە و ئەمڕۆ فەرمانگەی ژمێریاریی سەر بە وەزارەتەکەی راسپاردووە بە خەرجکردن و ناردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، بەئەگەری زۆرەوە سبەی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێم دەخرێتە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 21ـی 10ـی 2026 لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی شاری بەغدا کرا.
سەبارەت بە فەوتانی مووچەی مانگی 12 هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو شێروان دووبەردانی جەختی لەوەش کردەوە، ئەمساڵ جیاوازە و هیچ ئەگەرێک نییە مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت، چونکە بەغدا هیچ بەهانەیەکی نەماوەتەوە و حکومەتی هەرێم پابەندیی تەواوەتیی خۆی جێبەجێ کردووە.