زەوییە خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکی کانی بای سلێمانی کە بۆ قوتابخانە و پارک دابین کرابوون، بە ئاگاداریی قوباد تاڵەبانی دراون بە کۆمپانیای قەیوان.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، کۆمەڵێک زەوی لە گەڕەکی کانی با هەن کە بەپێی ماستەرپلانی شارەوانی سلێمانی داندراون کە بکرێن بە قوتابخانە، پارک، داینگە و باخچەی ساوایان بەڵام بە ئاگاداری قوباد تاڵەبانی دراون بە کۆمپانیای قەیوان.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، بەهۆی ئەوەی کە کۆمپانیای قەیوان جێبەجێکاری پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییە و تاوەکو ئێستا پارەی کۆمپانیای قەیوان نەدراوەتەوە.
لەبەرامبەر ئەوەدا لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، واژۆی لەسەر نووسراوێک کردووە بە پێدانی ئەو زەوییانە لەبەرامبەر دانەوەی بەشێک لە قەرزەکان.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای دەکات، کۆمپانیای قەیوان بەنیازە ئەو زەوییانە لە سنووری کانی با بکات بە دووکان، بازاڕ و شوێنی بازرگانی و بیفرۆشێتەوە، تەنانەت کۆمەڵێک زەوی دیکەی پارچەپارچە کراو بە نووسینگەکانی خانووبەرە دەفرۆشێنەوە.