ئاماری گشتی چالاکییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق ئاشکرا کرا.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی عێراق ئامارەکانی کار و چالاکییەکانی خۆی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند؛ لە سەرجەم دامودەزگاکاندا 220 پرۆسەی دەستبەسەرداگرتن ئەنجامدراون، کە تێیاندا 35 تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیرکراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق، 32 فەرمانی دادوەری بۆ دەستگیرکردن و بانگهێشتکردن بەرامبەر بەرپرسان و خاوەن پلە تایبەتەکان دەرچوون.
سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگا، 154 سزای ئیدانەکردنی دادوەری دەرچوون و ژمارەی کەسانی سزادراو بە بڕیاری دادگا گەیشتووەتە 128 کەس، هەروەها کار لەسەر 61 دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی هەڵاتووان و گەڕاندنەوەی سەرمایەی بەقاچاخبراو کراوە.
لە بواری ئاشکراکردنی سەروەت و سامان و شەفافیەتیشدا، دەستەکە 426 فۆڕمی وەرگیراوی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی تۆمارکردووە، کە لە ئەنجامی وردبینییەکاندا تێکچوونی بەرژەوەندییەکان لای 19 کەس لەوانەی فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە دەرکەوتووە.
هاوکات، بەمەبەستی چاودێری میدانی و هەڵسەنگاندن لە دامەزراوەکاندا، 125 سەردان بۆ چاودێریکردنی ئاستی ئەدای وەزیفی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ئەنجامدراون، 10 ڕاپۆرتی تایبەتیش بە دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکانی کار و دیاردە نەرێنییەکان و بەدواداچوونیان ئامادەکراون.
لە تەوەرەی هۆشیارکردنەوە و ڕاگەیاندندا، 10 بڵاوکراوەی کاغەزی و ئەڵقەی تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆیی بەرهەمهێنراون، هەروەها 49 توێژینەوە، لێکۆڵینەوە، ڕاپۆرتی ئاماری، خول، وۆرکشۆپ و سیمیناریش بەڕێوەچوون.