دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە.
ئەمڕۆ سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەگەڵ دەرکردنی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی نەوتی سپی، ڕاستەوخۆ 35 هەزار دینار لە نرخەکەی دابەزی.
بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت و بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک دابەش دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوت بە 315 هەزار دینار دەفڕۆشرا، بەڵام ئەمڕۆ بووە بە 280 هەزار دینار و پێشبینی دەکەن نرخەکەی زیاتریش دابەزێت، لەکاتێکدا پێشتر نرخی بەرمیلێک نەوتی سپیی ماڵان گەیشتبووە 325 هەزار دینار.
هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕی (268,710,600) لیتر نەوتی سپی هەیە، تاوەکو بتوانرێت تەنیا یەک بەرمیل (واتە 200 لیتر) بۆ هەر خێزانێک دابین بکرێت.