شەپۆلێکی بارانبارین و تاوەبارانی بەخوڕ ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بە نزیکەی 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی هەور دەبێت و نمەباران بەشێکی زۆری شارەکان دەگرێتەوە، هەروەها لە هەندێک شوێن دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و بروسکە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم، کاریگەریی دابارینەکە سەرەتا لە سنووری بادینان و هەولێر چڕ دەبێتەوە و پاشان بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە درێژ دەبێتەوە، هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو نزم دەبنەوە.

هاوکات، دەستەی کەشناسیی عێراقیش ئاماژەی بەوە کرد، کەشوهەوای ناسەقامگیر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووریش کارا دەبێت و تا کۆتاییی هەفتە ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکە لە چەندین پارێزگا هەیە، پێشبینی دەکرێت لە بەشێک لە شارەکانی باشوور، وەک بەسڕە و میسان و موسەننا پلەکانی گەرما لەنێوان 32 بۆ 33 پلەدا جێگیر بن، لە کاتێکدا لە شارەکانی باکوور و ناوچە شاخاوییەکاندا پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ خوار 25 پلەی سیلیزی.

بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژی هەینی بارستەهەوایەکی شێدار ئاسمانی ناوچە جیاوازەکان دادەپۆشێت و شەپۆلەکە بە شێوەی بارانی مامناوەند بەردەوام دەبێت، مەودای بینینیش لە کاتی داباریندا بۆ 5 تا 7 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە، خێراییی با لەنێوان 5 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و کەشوهەوا ڕوو لە فێنکی و سەرمای پاییزە دەکات.

وەرزی پاییز لە عێراق و ناوچەکە، بە وەرزی دابەزینی خێرای پلەکانی گەرما و هاتنی شەپۆلی کتوپڕی بارانبارین دەناسرێتەوە، ئەم گۆڕانکارییە کەشوهەوایییانە زۆرجار دەبنە دەستپێکی جێگیربوونی کەشێکی سارد لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.