دوابەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کەرکووک بەرامبەر گرانبوونی نرخەکان، قائیمقامیەتی شارەکە و لێژنە پەیوەندیدارەکان هاتنە سەر هێڵ و بڕیاریان دا نرخی ئەمپێری مۆلیدە کەم بکەنەوە.

بەپێی نووسراوی فەرمیی قائیمقامیەتی ناوەندی کەرکووک (ژمارە 5819) کە بە واژۆی ئاڤێستا محەممەد، قایمقامی ناوەندی کەرکووک دەرچووە، هەروەها لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سەختی ئابووریی هاووڵاتییان و وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان، بڕیار درا نرخی هەر ئەمپێرێکی مۆلیدەی ئەهلی لە سەرجەم ناوچە و گەڕەکەکانی کەرکووک بەبێ جیاکاری بە 15 هەزار دینار دیاری بگوڕدرێت و جێگیر بکرێت.

لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە،  خاوەن مۆلیدەکان پابەند دەکرێن بە بەکارهێنانی ئەم نرخە کەمکراوە و دیاریکراوە، بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە پارەی زیاتر لە هاووڵاتییان وەربگرن.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، لێژنە مەیدانییەکان ڕاسپێردران بە شێوەیەکی بەردەوام بەدواداوچوون بکەن و ڕێکاری یاساییی تووند بەرامبەر هەر خاوەن مۆلیدەیەک بگرنە بەر کە لە نرخە نوێیەکە لابدات.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوا بە دوای بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ 18 هەزار دینار، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی سەرتاسەری شاری کەرکووکی گرتبووەوە.