شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوی کتوپڕ ناوچە بەرفراوانەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکای گرتەوە، بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتی ناچار بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان کران.

ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ ڕایانگەیاند، شارۆچکەی گەشتیاریی پاگۆسا سپرینگس لە باشووری ڕۆژئاوای ویلایەتەکە، بەهۆی بەرزبوونەوەی مێژوویی ئاستی ڕووباری سان خوان لە دۆخی ئامادەباشیی تەواو دایە.

بەرپرسانی ناوچەکە هۆشدارییان دا ئاستی ئاوی ڕووبارەکە لە درەنگانی شەودا 20 پێ بەرز دەبێتەوە و ئەمەش وەک ڕووداوێکی وێرانکەر وەسف دەکرێت، هاوکات لەگەڵ داخرانی ڕێگە سەرەکییەکان، داوا لە دانیشتووان کرا مەترسییەکە بە هەند وەربگرن.

نووسینگەی پۆلیسی ناوچەی ئارچولێتاش ڕوونی کردەوە، پێشبینییەکانی ئێستا مەترسیدارترن لە لافاوە وێرانکەرەکەی ساڵی 1911 کە تێیدا ئاستی ئاو گەیشتبووە 17.8 پێ و زۆربەی نیشانەکانی شارۆچکەکەی لەناو بردبوو.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ناوچەکە، ئاستی ئاو لە کاتی ئێوارەدا گەیشتووەتە نزیکەی 14 پێ، هاوکات لە ویلایەتی ئاریزۆنا، دەسەڵاتداران فەرمانی چۆڵکردنی ناچارییان لە چەند ناوچەیەک دەرکرد و بارانی توند بووە هۆی داخرانی بەشێک لە ڕێگە خێراکان.

باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا، ناوچەیەکی نیمچە وشکە و زۆرجار بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، بەڵام گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و چەندین جار لافاو ڕوویداوە.